منداڵێک بە دووگیانی لەدایک بوو

منداڵێک بە دووگیانی لەدایک بوو

لە حاڵەتێکی نامۆ و دەگمەندا لە کۆڵۆمبیا ژنێک منداڵێکی دەبێت و لەناو سكی منداڵەکەدا دووانە مردووەکەشی گەشەی کردووە ، ئەمەش پزیشکانی ناچارکردووە کە دوای یەک ڕۆژ لە لەدایکبوونی نەشتەرگەری بۆ بکەن .

مالپەڕی زە سەن لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردووە ، پزیشکان لە نەخۆشخانەیەک لە بارانکویلا لە کۆڵۆمبیا سەرنجیاندا کە ژنێک بەناوی مۆنیکا فیگا دووگیانە بە دووانەیەک ، بەڵام دوای منداڵبوون بینییان کە دوانەی نەبووە ، بەڵکو یەک مندالی بووە و لەناو جەستەی منداڵەکەدا دووانە مردووەکە گەشەی کردووە .

ئەم حاڵەتە بە "کۆرپەلە لەناو سکی کۆرپەلە" دا ناودەبرێت کە یەک لە منداڵەکان لەناو جەستەی ئەوی دیکەدا گەشە دەکات ، پزیشکەکان بە فیگایان وتووە پێویستە دوو نەشتەرگەی ئەنجام بدرێت ، یەکێکیان بۆ لەدایکبوونی منداڵەکە لە سکی دایکیدا و ئەوی تریشیان بۆ ئەوەی لە جەستەی منداڵە تازە لەدایکبووەکە دووانەکەی دەربهێنرێت .

دوای ٢٤ کاتژمێر لە لەدایکبوونی نەشتەرگەری بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکە کرا تا ئەو کۆرپەیەی لەناو سکیدا ماوەتەوە دەربهێنرێت.

تائێستا ٢٠٠ حاڵەتی لەم جۆرە تۆمارکراوە ، کە حاڵەتێکی دەگمەنە و لە ٥٠٠ هەزار منداڵ تەنها یەک دانە ئەگەری توشبوونی ئەم حاڵەتەی هەیە.