باسێکی کورت لەسەر ژیاننامەی مامە یارە

باسێکی کورت لەسەر ژیاننامەی مامە یارە

مامە یارە كە ساڵەهای ساڵە لە سلێمانی گردێكی گەورەی بەناوەوە ناو نراوە، ناوی (یار ئەحمەد) كوڕی خدر بەگی هۆمەر ئاغای خەڵكی (هۆنەرێنە)یـە كە ئەكەوێتە ناوچەی بەرزنجەو بەپاڵ شاخی كوڕە كاژاوەوەیە. ئەفسەرێكی تۆپچی لەشكری بابانەكان بووە، لە ساڵی(١٨٤٩- ١٨٥٠) مامە یارە لەبارەگای (ئەحمەد پاشا) بەرەنگاری سوپای تورك بووەو لەگەڵ لەشكرە شكاوەكەی بابانا هەڵنەهات، كاتێك سوپای تورك ئەچن تاڵانی بارەگای (ئەحمەد پاشا) بكەن مامەیارە هەر لەسەر تۆپەكەی خۆیەوە ئەیانداتە بەر ئاگرو لێزمەی گوللە، تادرەنگێك نایەڵێت كەس بچێتە ناو بارەگاكەیانەوە تاكو لەدواییا ئەیگرن و ئەیبەن بۆلای والی، والی لێی ئەپرسێ: تۆ ئەمەت بۆ كرد، بەچاوی خۆت دیت لەشكر شكاو هەڵهات، بۆ خۆت نەدا بەدەستەوە؟ ئەویش لەوەڵاما ئەڵێ: شكانی لەشكر نابێ من لەئیش و كاری خۆم دوا بخات من سەربازێكم نابێ خۆم بەدەستەوە بدەم، لەبەر ئەوە ناچار بووم تا لە وزەما بێ چیم لەسەر بێ بەجێی بێنم. والی لەبەر ئازایەتی و قارەمانێتی گوندی (كانی دڕكە)ی ئەداتێ، مامە یارە پیاوێكی بەسام و بەڕێز و دڵسۆز بووە بۆ بنەماڵەی بابانییەكان، وەجاخی كوێر بـووە، لەگەڕەكی گوێژە ژوورێكی تەرخان كرد بوو بۆ خۆی و ژێرەكەی كرد بوو بەخانی وڵاخ، لەبەر ئەوەی مناڵی نەبووە، هەموو موڵك و ماڵی بـەبرازایەكی خۆی بەخشیوەبەناوی (ئەحمەد ئاغای سلێمان). مامە یارە یەكێكە لەقارەمانەكانی دوانزە سوارەی مەریوان. پیاوێكی بەدین و لەخوا ترس بووە، چەخماخسازێكی دەست رەنگین بوو. لەسەر وەسیەتی خۆی لەگردی (گوڵان) نێژراوە كـە دوای ناوەكەی گۆڕڕاوە بۆ گردی مامە یارە.