ملیاردێرێکی ئەمەریکی خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید دەکات

ملیاردێرێکی ئەمەریکی خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید دەکات

مایک بلومبێرگ، ملیاردێری ئەمریکی و سەرۆکی پێشووی شارەوانی نیویۆرک،  کاندیدکردنی خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە پارتی دیموکرات راگەیاند.
 

بلومبێرگ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە ''بۆ تێکشکاندنی دۆناڵد ترەمپ و دووبارە بنیاتنانەوەی ئەمریکا، خۆم بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید دەکەم''.

بلومبێرگ راشیگەیاند کە ئیتر ئەو بەرگەی ''ھەڵسوکەوتە بێ رەوشتەکان''ی ترەمپ بۆ چوار ساڵی دیکە ناگرێ و وتی: ''ترەمپ ھەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکەمان و بەھاکانمان. ئەگەر جارێکی دیکە ھەڵبژاردنەکان بباتەوە، لەوانەیە نەتوانین قەرەبووی ئەو زیانە بکەین کە بەم ھۆیەوە دێتە ئاراوە''.

بلومبێرگ (تەمەن ٧٧ ساڵ) کە خاوەنی ٣٦ ملیار دۆلارە و یەکێکە لە کەسە دەوڵەمەندەکانی جیھان، لە نێوان ساڵای ٢٠٠٣ تا ٢٠١٣ سەرۆک شارەوانی نیویۆرک بووە.

لە نێو پارتی دیموکرات بەدەر لە بلومبێرگ ١٧ کاندیدی دیکە خۆیان بەربژێر کردووە بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠.