حەمەقەدۆی موسڵ کێیە؟

حەمەقەدۆی موسڵ کێیە؟

هەموومان ناوی حەمەقەدۆمان بیستووە و زۆربەشمان نازانین کێیە، یەکێکە لەو دەستەواژانەی کۆمەڵگەی کوردەواریدا بەڕادایەکی زۆر بەکاردێت.

حەمەقەدۆی موسڵ بە چەندین شێوازی جیاواز بەکاردەهێنرێت، لەوانە بۆ شوێن و مەبەستێکی دیاریکراو، یەکێک لەو ڕستانە ( خۆ حەمەقەدۆی موسڵ نیم)، کە کەسێک وا دەڵێت ئەگەر داخوازی زۆر شتی لێ بکرێت و پارەی زۆری بوبێت ئەو ڕستەیە دەڵێت، واتە وەک کابرای ناوبراو دەوڵەمەند نیە هەموو شتێکی پێ دابین بکرێت.

حەمەقەدۆ ئەوەندە دەوڵەمەند بووە هەرچییەکی ویستبێت بە هەر نرخێک بوبێت کڕیویەتی و بە دەستی هێناوە، لەم ڕووەوە وشە بە دوای  ڕستەکەو ئەو کەسە و ماڵباتەکەیدا چووە.

لەم بارەیەوە مێژوو نووس و مامۆستای زانکۆ ئەزهەر عوبێدی دەربارەی ماڵبانی حەمەقەدۆوە دەنوسێت و دەڵیت " خانەوادەی حەمەقەدۆ بنەماڵەیەکی بازرگانی بوون و بریتی  بوون لە محەمەد (حەمە) کوری عەبدولقادر (قەدۆ) کوری مستەفا قوسابباشی، عەبدوڵا کوریەتی و خاوەنی خانی حەمەقەدۆیە لە دەرگای سەرای موسڵ.

هەروەها تۆفیق حەمەقەدۆ بازرگان بووە، کورەکانی تری بریتی بوون لە عەبدولباقی، عەبدولعەزیز، عەبدولمەجید حەمە حەمەقەدۆی کورەزایی کە بازرگانێکی پاک دەست بووە، ئیدریس تۆفیق حەمەقەدۆی کورەزاشی پارێزەر بووە دواتر بووەتە سەرۆکی شارەوانی موسل و چەند پۆستێکی تریشی لەو شارە وەرگرتووە، هەروەها نەوەکانی تریشی بریتی بوون لە ئەندازیار ئەیاد سدیق حەمەقەدۆ، دکتۆر زوهیر سدیق حەمەقەدۆ، دکتۆر بەشار سدیق حەمەقەدۆ.

بۆ یەکەم جار ئۆتۆمبێلیان بردە موسڵ

لە ساڵی ١٩١٩دا خانەوادەی حەمەقەدۆ ئۆتۆمبێلیان بردۆتە موسڵ و جێی سەرنج و تێرمانی خەڵک بووە، جۆری ئۆتۆمبێلەکەش فۆردی ئەمریکی بووە دواتر لە ساڵی ١٩٢٤دا لە فەرمانگەی هاتوچۆ دامەزراوە و ژمارەبەندی ئۆتۆمبێلەکان کراوە.

خاوەنی چەندان ناسراو و بازرگانی بوون

دکتۆر ئیبراهیم خەلیل عەلاف، مامۆستای زانکۆی موسڵ لە بارەی ماڵباتی حەمەقەدۆی موسڵەوە لە نوسینێکی بەڵگەنامەییدا دەیخاتە ڕوو: حەمەقەدۆ بنەماڵەیەکی ڕەسەنی ناسراوی موسڵن لە گەرەکی (بابولنەبی-جەرجیس)  نیشتەجێ بوون، خاوەن سەروەت و سامانێکی زۆر بوون لەوانە خانی حەمۆ، مزگەوتی حەمەقەدۆ، عەلوەی تازەی بابولتوب، بازرگانی گەورە بوون لە نێوان موسڵ و سوریادا.

دیارترین کەسی خانەوەداکەیان ، عەبدوڵای کوری حەمەقەدۆ بووە کە خاوەن ئەزمونێکی زۆری بازرگانی و سیاسی بووە لە سەردەمی حوکمی عوسمانیەکاندا لە موسڵ، هەروەها عەبدولباقی و ئیدریسیش لە ناسراوانی بنەماڵەکەیان بوون، عەبدولعەزیز عەبدولمەجید حەمەقەدۆ، ئەندامی دەستەی گەنجانی موسڵمانانی موسڵ و ئەندامت ئەنجومەنی شارەوانی بوون.

بنەماڵەی حەمەقەدۆ بازرگانییەکەیان تەنیا لەگەل سوریا نەبووە بەڵکو لەگەڵ فەرەنسا و ئینگلتەراو هیندستان  بازرگانیان دەرکرد و خووری و پێست، کەرەستەی جوانکاری، قوماش و مازوو ئەسیپانیان دەهێنا.

هەروەها ئەم بنەماڵەیە بە ڕاستگۆیی و دەستپاکی مامەڵەیان لەگەل خەلکی دەکرد و هەروەها بەوەش ناسرا بوون کە بازرگانێکی دەست پاکن، سەرەرای دەوڵەمەندیان و پارەزۆریان زۆر سادە و ساکار بوون لە ناو خەڵکیدا و پێش ئەوەی هاوڕێیەتی دەوڵەمەندەکان بکەن هی هەژارەکانیان دەکرد، هەر لە سەرەتادا لە سەردەمی عوسمانیەکاندا نازناوی چەلەبیان پێ درا بوو کە هێما بوو بۆ بازرگانیکردن.

هاوڕێ جلال لێکۆلەری بواری زمان و فۆلکلۆر و ئیدیۆمە کوردەواریەکان، سەبارەت بە ناوەکەی و کوردبوونەکەی ئەوەی خستۆتە روو، کە حەمەقەدۆ بازرگانێکی گەورەی شاری موسڵ بووە و هەندێک دەڵێن کە کوردی شاری موسڵ بووە و هەندێکی تریش دەڵێن خەڵکی سلێمانی بووە و باو و باپیرەیان چونەتە موسڵ و لەوێ نیشتەجێ بوون، بۆیە هاوڕێ ئەم ڕایانە پەسەند دەکات.

هەروەها خانەوادەی حەمەقەدۆ جێ دەستیان دیارە  لە بیناکردن و ئاوەدان کردنەوەدا، مزگەوتێک لە ساڵی ١٨٨٠ لە سەردەمی عوسمانیەکان دروست کردووە لە گەرەکی مەیدانی شاری موسڵ لە جورافات دروست کردوە، داعش لە ٦ی ئازاری ٢٠١٥ مزگەوتەکەی تەقاندۆتەوە و خابووری کرد.